X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

هەرێم وبەغداد، رێکەوتن یا تەسلیمبوون؟..

چۆمان محەمەد

نزیک دەبینەوە لە دواکەوتنی موچە بۆ ۸٠ رۆژ، دواجار ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغداد راگەیەندرا، ھاتنی موچە و دابەشکردنی لە ھەموو شت گرنگترو پێویستترە،بەڵام چەند  قسەیەکی حسابی ھەیە دەبێ بوترێت لەسەر ئەم رێکەوتنە:

۱_حکومەتی ھەرێم ھەر لەسەرەتای ڕاگرتنی موچەوە، زۆر باش دەیزانی بەبێ جێبەجێکردنی رادەستکردنی نەوت وداھاتی ناوخۆ موچە لەلایەن بەغدادەوە نایەت،حیکمەتی ئەم عینادیە لەچیدا بوو؟ بۆ ھێشتان ئەم ماوە زۆرە فەرمانبەران لەم دۆخە خراپەدابن،چی وایکرد مەرج و ئیلتیزاماتەکان جێەجێبکەن کە لەسەرەتادا نەتان دەکرد؟ بۆیە کە لەئێستادا رازیبوون، تکایە قەناعەتتان پێی ھەبێت و جێبەجێی بکەن تاوەکو سەری ساڵ بێ گرفت موچە بنێرێت..

۲_گەر لەم ھەفتەیەدا موچە بگات، نوسراوەکەی تەیف سامی گوایە ھەرێم رەسێیدی نەماوە بەھای نامینێت، ئەوە دەسەلمێنرێت بنەمای نوسراوەکەی تەیف سیاسی بووە بۆ برسیکردنی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە گەر ھەرێم رەسێیدی نەماوە لەناو یاسایی بودجەدا، خێرە ئێستا ئامادەی ناردنی موچەن؟

۳_حکومەتی ھەرێم رازیبووە بۆ دوو مانگ بڕی۲٤٠ ملیار بداتە بەغداد وەک داھاتی ناوخۆ، دەزانین ئەم ژمارەیە کاتیە بۆ تەنھا مانگی پێنج وشەشە، بەڵام دەرخەری ڕاستیەکی حاشاھەڵنەگرە کە داھاتی ناوخۆی ھەرێم نەئەو ژمارە جیاوازانەیە ڕادەستی بەغداد کراوە، نەو ژمارانەشە خۆتان دەیڵێن و بڵاوی دەکەنەوە، ھەر ئەمەشە وایکردوە خەڵک متمانەی بەھیچ ژمارەیەکی حکومەت نەبێت، دەنا لوجیک نیە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵ حکومەتی ھەرێم بری ٥٠ ملیار مانگانەی لەداھاتی ناوخۆ داوە بە بەغداد، لە کاتێکدا بۆمانگی پێنج وشەش کردویەتیە ۱۲٠ ملیار، ئەوەی پێشبینی کراوە لەسەر ئەم پرسە لە داھاتویەکی نزیکدا کێشەی گەورە دروست دەبێتەوە و بەغدادیش سازش ناکات..

٤_ سەرجەم خاڵی رێکەوتنەکە لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەدایە کە لەئەستۆی حکومەتی ھەرێمە بەپێی یاسای بودجە وبڕیاری دادگای فیدراڵی، بەم رێکەوتنەش شتێکیان جێگیرکردووە تا ئەرکەکان جێبەجێ نەبێت لەلایەن ھەرێمەوە موچە نایەت، کە دەبوو حکومەتی ھەرێم پرسی موچە بخاتە دەرەوەی ململانێی سیاسیەکان و ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆیدایە، بۆیە ئەم رێکەوتنە سروشتەکەی ھەم کاتیە تا کۆتایی ئەمساڵ، لەھەر بارێکدا ئەرک جێبەجێ نەکرا موچە ناردن دەوەستێت، چونکە ناردنی موچەی مانگی پێنجیان پەیوەستکردووە، بە رەزامەندی و وەرگرتنی نەوت لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق..

٥_گەر بە ڕۆحیەتی دروشم و قسەکانی رابردووی ھەندێک لایەنی سیاسی بڕوانین ئەم رێکەوتنە تەسلیمبوون و خۆچەماندنە، کە لەکاتێکدا ئەم دروشم و قسانە بنەماو بەھای نیە وھیچ راستی تێدانیە ،چونکە ھیچ بژاردەیەکیان لەبەردەست نەبوە جگە لە ڕێکەوتن لەگەڵ بغداد..