لەبارەی موچەی مانگی دوانزەوە!
عومەر گوڵپی- کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمەڵی دادگەریی
وەزارەتی دارایی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، لەو ڕاگەیەنراوەدا دەریخست کە نە وەزارەتی دارایی و نە ھیچ کەس و دامەزراوەیەک لە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی نایانەوێت ڕاستیەکان بڵێن و ھەمیشە خەریکی چەواشەکاریی ڕایگشتین، من بە زانیاریی وردو بەڵگەوە، ڕاستییەکان دەخەمەڕوو:
بەپێی داتاکانی خۆیان، بەغداد لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، نزیکەی (١٠,٧٥٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دە ترلیۆن و حەوت سەدو پەنجاو دوو ملیار) دیناری بۆ موچە ناردووە بۆ ھەرێم، ھەرێمی کوردستانیش نزیکەی (٩٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – نۆسەدو شەست ملیار) دیناری بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی موچە بەکارھێناوە، واتە (١١,٧١٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یانزە ترلیۆن و حەوت سەدو دوانزە ملیار) دینار بۆ موچە خەرج کراوە، ئەم بڕەش پارەی پێویستە بۆ زیاتر لە دوانزە موچە، چونکە موچە تا مانگی حەوتی ئەمساڵیش پێویستی بە کەمتر لە (٩٦٠ ملیار) دینار ھەبوو، بۆیە بە پێی ژمارەو داتاکەی وەزارەتی دارایی موچەی مانگی دوانزەش بە تەواوەتی لەبەردەست ھەرێمە!، بەڵام لە دوو خاڵی خوارەوەدا باشتر ڕوونیدەکەمەوە کە ھەرێم پارەی بۆ زیاتر لە سێ موچە بەردەستە، بەمجۆرە:
یەکەم/ بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم، ژمارە (٣٠٧٥) لە (٢٨ی ٣ی ٢٠٢٤)، داھاتی ھەردوو مانگی یەک و دووی سەرەتای ساڵی (٢٠٢٤)ی ھەرێم بریتی بووە لە نزیکەی (٩٠٥) ملیار دینار، واتە بۆ مانگێک نزیکەی (٤٥٣ ملیار) دینار، دواتر گوتیان ئەم نوسراوەمان ھەڵە بووەو داھاتی ناوخۆی ھەرێم (بەبێ نەوت) مانگانە (٣٢٠ تا ٣٥٠ ملیار) دینارە، کەواتە ئەگەر ئەم ژمارەیەی دواییشان ڕاست بێت (کە زیاترە لەوەش)، ئەوە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، ھەرێمی کوردستان نزیکەی (٤,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و دوو سەد ملیار) دینار داھاتی ناوخۆی ھەبووە، لەو بڕەیە کەمتر لە (٤٠٠ ملیار) دینار نێردراوە بۆ بەغدا، مانگانەش خۆیان دەڵێن نزیکەی (١٥٠ ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج دەکەین، واتە نزیکەی (١,٨٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و ھەشت سەد ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج کراوە، کەواتە: بەو پارەیەی نێردراوە بۆ بەغداو بەوەشی بۆ خزمەتگوزاریی خەرج کراوە، ھەرێمی کوردستان لەو داھاتەی ناوخۆ دەستی کەوتووە (٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن) دیناری لەبەردەستە، خۆیان دەڵێن لەو داھاتە نزیکەی (٩٦٠ ملیار) دیناریمان بۆ تەواوکاری موچە بەکارھێناوە، کەواتە ھەر بەپێی داھاتی خۆیان (بەبێ نەوت) نزیکەی (١,٠٤٠,٠٠٠,٠٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و چل ملیار) دینار داھاتیان زیاترە لە ھەموو پێویستی و خەرجییەکان، ئەمەش زیاترە لە پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی دوانزە (دیسان دەڵێینەوە بەبێ نەوت)!
دووەم/ ئەوەی سەیرە ئەوەیە، کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن ئێمە بەردەوامین لە دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت، بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەکانی کۆمپانیاکانی نەوت، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٣٠٠,٠٠٠ تا ٣٢٠,٠٠٠ بەرمیل) نەوت بەرھەمدەھێنێت، بەڵام وەزارەتی دارایی و ھیچ کەس لە حکومەتە تاریکە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی باسی ئەم داھاتە ناکات! کە بەمجۆرەیە: بەرمیلێک نەوت بە پاڵاوگەو بە تەنکەر بە نزیکەی نیوەی نرخە جیھانییەکەی لە (٢٠٢٤) فرۆشراوە، کە نزیکەی (٣٠ تا ٣٥ دۆلار) بووە، بەمجۆرە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٢٤)دا نزیکەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرھەمھێناوەو بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتویەتی، پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتەش بریتیە لە (٣,٢٤٠,٠٠٠,٠٠٠ سێ ملیارو دووسەدو چل ملیۆن دۆلار) کە بە دینار دەکاتە (٤,٨٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و ھەشت سەدو شەست ملیار) دینار، کە بە پێی زانیارییەکانی خۆیان نیوەی بۆ کۆمپانیاکان و نیوەی بۆ ھەرێمە، کەواتە لە فرۆشتنی نزیکەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوت، ھەرێمی کوردستان (٢,٤٣٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن و چوارسەدو سی ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە! ئەم پارەیەش بە تەنھا بەشی خەرجکردنی زیاتر لە دو مووچە دەکات.
بەمجۆرە لە ھەردوو خاڵی یەکەم و دووەمی سەرەوە، واتە لە داھاتی زیادەی ناوخۆو داھاتی نەوتەوە، ھەرێمی کوردستان نزیکەی (٣,٤٧٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – سێ ترلیۆن و چورسەدو حەفتا ملیار) دیناری لەبەردەستە، کە بەشی خەرجکردنی زیاتر لە سێ موچە دەکات نەوەک تەنھا موچەی مانگی دوانزە!
بۆیە ھەر جۆرە لێدوانێکی بەرپرسانی گەورەو بچوکی ھەرێم کە بڵێن ناتوانین موچەی مانگی (١٢)ی ساڵی (٢٠٢٤) دابەش بکەین، درۆیەکی شاخدارەو نابێت خەڵکی کوردستان لێیان قبوڵ بکات.