دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی بکوژی گەنجەکەی رانیەیی راگەیاند و دەڵێت، "لەهەوڵدا بووە هەرێم بەجێبهێڵێت"
دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: شەوی ٢٦ی ئەم مانگە لە گەڕەکی شەھیدانی رانیە، بەھۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند گەنجێکدا کەسێک کوژرا بەناوی (ژیناڵ ئیبراھیم کەریم) لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤ و سێ کەسیش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاش روداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بکوژەکەیان بەناوی ( م ، م ، ڕ ) دەستگیر کرد لەگوندی (زەنگڵان) لەپشدەر کە لە ھەوڵی دەربازبوونیدا بووە بۆ ئەودیو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان.
دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( ٤٠٦) لە یاسای سزادان راگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، شەوی ٢٦ی کاوونی دووەم، چوار کەس بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کە شوێنەواری یشەک بەسەر جەستەیانەوە بووە و دواتر یەکێکیان بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
|