لەدواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، وەزیرێكی كورد لەبەغدا بریارێكی زاڵمانە لەدژی كەركوك دەردەكات و هاووڵاتیانی كەركوكیش بەتوندی ئیدانەی ئەو بڕیارەی وەزیرە كوردەكە دەكەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستكەوتووە، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عیراق لە پشكی پارتی، لەكۆبوونەوەی رۆژی 12ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دەقی بڕیارێكی وەزارەتەكەیانی خوێندووەتەوە كە ئیمزای خودی بەنگین رێكانی لەسەرە و تیایدا بریاریانداوە، لەسنووری هەموو پارێزگاكانی عیراق خانووە تەجاوز و بێ تاپۆكان لەسەر ناوی خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێن، بەڵام ئەو بڕیارە بە تەنها هاووڵاتیانی پارێزگای كەركوك ناگرێتەوە.
جێی باسە لەكۆبوونەوەكەدا خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە پشكی یەكێتی، بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ ئەو بریارە دەربڕیوە و راگەیاندووە، بڕیارەكە ستەمێكی گەورە لە خەڵكی كەركوك دەكات و نابێت ئەو جیاكارییە بكرێت، بەڵام وەزیرە پارتییەكە توانیویەتی پشتیوانی زۆرینەی وەزیرەكانی غەیری كورد بەدەستبهێنێت و بەمەش، زیانێكی گەورە بەدەیان هەزار هاووڵاتی رەسەنی كەركوك گەیشتووە.
بۆیە هاووڵاتیانی كوردی كەركوك چەندە نیگەرانن لەبەرامبەر ئەو بریارە، ئەوەندە زیاتر نیگەرانن كە بڕیارەكە لەلایەن وەزیرێكی كوردەوە ئیمزاكراوە و بەو بڕیارە غەدرێكی گەورە دەرهەق بە هاووڵاتیانی شارەكە كراوە و دەشڵێن: دڵنیابن مێژوو رەحم بە هیچ كەس ناكات.
|