ئێستا لە هەزار و 200 مزگەوتی پارێزگای هەولێر و بەشێك لە مزگەوتەكانی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بانگدان بۆ نوێژە فەرزەكان لەڕێگەی ئەلیکترۆنیە بەجۆرێك ژمارەیەك بانگبێژی دەنگخۆش دیاریكراون و لە مزگەوتی سەواف لە شاری هەولێر بانگ دەدەن و لەسەرجەم مزگەوتەكان پەخش دەكرێت.
حاجی كاوە شاكر، سەرۆكی بانگبێژانی كوردستان و قورئانخوێنی ناسراوی كورد رایگەیاند ؛ ڕۆژانە دوو بانگبێژی دەنگخۆش لە مزگەوتی سەواف لە شاری هەولێر بەشێوەی زیندوو بانگ دەدەن و پەخشی دەنگەكانیان لە بڵندگۆی سەرجەم مزگەوتەكانی پارێزگای هەولێر دەبیسترێت.
وتیشی، بانگبێژەكان سەرپشك كراون بە هەرجۆرە ئاوازێك بانگ بدەن بەو مەرجەی بەشێوازی ئێرانی و توركی نەبێت و لە پێنج بانگی ڕۆژانەدا هەمووجۆرە ئاوازەكان بەكاربهێنن.
مەبەستمانە بانگدان لە مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان مۆركی شوناسی نەتەوەیی و ئایینی پێوە دیاربێت و لاسایی وڵاتانی دیكە نەكەینەوە.
|