حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات لە کەرکوک ناوچەکانی دیکەی مادەی ١٤٠، بە گومانی ئەوەی حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تاک لایەنە نەوت و گازی ئەو ناوچانە ببات
حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: بەپێی مادەی ١٤٠ دەستوری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی ٢٠٠٥، دەبێت پرۆسەی ریفڕاندۆم لە کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت، وحکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٧ ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە: چ پێش ئەم رێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی رابردوو، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان ھێناوە، ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات وبە شێوەیەکی تاک لایانە، نەوت وگازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، ولە چوارچێوەی مادەی ١٤٠، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.
باسی لەوەشکردوە: بەپێی ھەردوو مادەی ١١٠ و ١١٥ ی دەستوری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، مافی رەھا و تاک لایانە بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت وگازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات، ھەروەھا مادەی ١١٢، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی ھەرێم کێڵگەی نەوت وگازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە ھاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکوک و لە ناوچەکانی دەوروبەی ھەن.
دەشڵێت: ھەروەھا بەغدا پابەند کراوە لە گەڵ ھەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داھاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) رێکبکەوەێت، حکومەتی ھەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێکەوتنانە بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بەبەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئەوەش ھاتووە: ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە ھەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت وگاز واژوو بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بەگشتی وبەتایبەت ھەردوو مادەی ١٤٠ و ١١٢، لەبەرچاوبگرێت.
لە کۆتایدا ھێمای بۆ ئەوەکردوەکە، حکومەتی ھەرێم بە مافی دەستووری خۆی دەزانێت، بە ھەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافەدەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک.
|