فراکسیۆنی یەکێتی ئیدانەی درێژکردنەوەی ماوەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات و دەڵێت، " فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھیچ گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری و یاسایی نیە".
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: درێژکردنەوەی ئابلوقەی نارەوای سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر ئیدانە دەکەین ئەم بڕیارە ھیچ پاساوێکی یاسایی و ھونەری و خزمەتگوزاری و ئەمنی نیە و پێچەوانەی رێکەوتنامە و بنەما نیودەوڵەتیەکانە لە بواری فرۆکەوانی مەدەنیدا و بڕیارێکی سیاسیە.
ئاماژەی بەوەشداوە: لەھەمان کاتدا نیگەرانین لەئاست بێدەنگی حکومەتی فیدرال و حکومەتی ھەرێم و داوایان لێدەکەین بەراشکاوی ھەڵوێستیان رابگەیەنن و روونی بکەنەوە لەماوەی دوو ساڵدا کە ئابلوقە لەسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەپێندراوە چ ھەنگاوێکیان ناوە.
لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ھاتووە، لەکاتێکدا چەند لیژنەیەک لە پەرلەمان و حکومەتەوە لەرابوردودا ھاتوونەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەراپۆرتەکانیاندا سەلماندوویانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھیچ گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری و یاسایی نیە.
|