X
ئەو سکاڵایەیی دژی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تۆمارکرابوو رەتکرایەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە هەنگاوەكانمان بەردەوامین بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ململانێ سیاسییەكان

کوردستان

2025-01-07     21ژمارەی خوێندراو

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازیی لە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.

لەدیدارێکدا كە رەفعەت عەبدوڵا و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە.

هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا پەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، رێککەوتنە سیاسییەکان و  بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت و پشتگیریکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان.

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان کرایەوە بەشێوەیەک هەموولایەنەکان یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو  پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەکان هەڵویستی نیشتمانیی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە. لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین.

پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، چاودێریی پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەكەین و پێشوازیی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكەین كە ئامانجەكەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە.

زۆرترین خوێنراو