راوێژکاری سیاسیی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، "هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە دەکرێت بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان ".
مەحمود خۆشناو، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: دوو ئاراستە لە گفتوگۆکاندا ھەن، یەکەمیان یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ لایەن و پارتە براوەکاندا وتوێژ بکات، ئاراستەی دووەمیش دانوستانی نێوان یەکێتی و پارتییە، ھەردوو لایەن لەپێشتردا دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.
دەشڵێت: ھەفتەی داھاتوو ھەردوو لایەن کۆبوونەوەی سێیەمی خۆیان ئەنجامدەدەن بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی بەرنامەیەکی ھاوبەشی ئەو لیژنەیەی پێشتر بۆ ئەو مەبەستە پێکھێنراوە و روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ دەبێت، بەھۆی ئەوەی ئاراستە و رێگەی وتوێژ بەشێوەیەکی وردتر دیاریدەکات.
باسی لەوەشکردوە: گفتوگۆکان تەنھا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و سەرۆکایەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان نابێت، بەڵکو بابەتی زۆر گرنگیش لەخۆدەگرێت، کە بریتییە لە فەلسەفەی حکومڕانی و بەرنامەکەی و شێوازی ھاوبەشیی سیاسی لە قۆناغی داھاتوودا.
|