سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە رۆژانە هەرێم توانای بەرهەمهێنانی ١٨ هەزار و ٥٠٠ کارتۆن هێلکەی هەیە، بەشێکی رەوانەی ناوچەکانی خواروی عێراق دەکرێت
د. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ماوەی سێ رۆژە حکومەتی عێراق رەوانەکردنی ھێلکەی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق ٥٠% کەمکردووەتەوە و بە خاوەن پڕۆژەکانیشیان گوتووە رەنگە لە داھاتوو بەتەواوی رایبگرین، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خاوەن پڕۆژەکان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا: پڕۆژەکانی عێراق تەنیا توانای پڕکردنەوەی ٤٠٪ـی خواستی نێوخۆییان ھەیە، ٦٠٪ـی خواستەکە بە ھێلکەی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستان و ھێلکەی قاچاخی ئێرانیی پڕدەکرێتەوە، بۆیە دەڵێت, "بە کەمکردنەوەی بڕی رەوانەکردنی ھێلکەی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستانیش بازاڕی ھێلکەی ئێرانی خۆش دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ھەرێمی کوردستان ٣٣ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ھێلکە ھەن کە رۆژانە ١٨ ھەزار و ٥٠٠ کارتۆن ھێلکە بەرھەمدەھێنن، ساڵانە بەرھەم دەگاتە نزیکەی سێ ملیار ھێلکە.
|