وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ستایشی رۆڵی ھەوڵەکانی ئاسایشی سلێمانی دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەرەوە، بەڕێوەبەری کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان دەڵێت، "ئاسایشی سلێمانی ھاریکاری سەرەکیمانە ".
حوسێن تەمیمی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: ھاریکاری و ھەماھەنگی پتەو لەنێوان بەڕێوەرایەتییەکەمان و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لەسلێمانی ھەیە و ئەوھاریکارییەش ھۆکارێک بووە بۆ رێگری لەبڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و توانیومانە پێکەوە تۆمەتبارانی دۆسێیەکانی تایبەت بەماددە ھۆشبەرەکان بەسزابگەیەنین.
لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیایی فەرمی یەکێتی، بەڕێوەبەری کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەشداوە: بەھاوکاری و ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لەسلێمانی دەست بەسەر سەدان کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەردا گیراوەو چەندین گرووپی بازرگانیش بەو ماددانەوە ھەڵوەشێندراونەتەوە.
|