لە شاری بەغداد سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەماڵی مام لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
ئاماژە بەوەشدراوە: لەکۆبوونەوەیەکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتی بە بایەخەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوە دەڕوانێت و بەدڵنیاییەوە ھاوکار و پشتیوان دەبێت لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.
دەشڵێت: دۆخی گشتیی عێراق و پێشھاتەکانی سووریا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوون و ھەردوولا جەختیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کردەوە. داواشیانکرد، ھەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگریی لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکەن بەتایبەت پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان و مووچە و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، جەخت لە ھەڵوێستەکانی رابردوومان دەکەینەوە سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار و دادپەروەر، حکومەتێک دوور لە جیاکاری خزمەتی ھەموولایەک بکات و ھەوڵەکانی لەپێناو گەشەسەندنی کوردستان و داھاتوویەکی سەقامگیرتردا بێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: لەبارەی پرسی مووچەشەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد ھاوشانی لایەنە سیاسییەکان، ھاوکار و پشتیوانبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی، پاراستنی مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بەکارنەھێنانی شایستەداراییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.
|