ئەم ھەفتەیە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێت و دەبێت نێچیرڤان بارزانی بانگھێشتی پەرلەمان بکات بۆ سازدانی یەکەم دانیشتن.
جومانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا، ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێت و رەنگە سبەینێ دانیشتن بکرێت بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکان.
لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە، دەبێت نێچیرڤان بارزانی لەماوەی ١٠ رۆژدا پەرلەمان بانگھێشت بکات بۆ سازدانی یەکەم دانیشتن، خۆئەگەر سەرۆکی ھەرێم بانگھێشتەکەی نەکرد، ئەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رۆژی یانزەیەم دەبێت پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی ساز بدات.
بۆیە لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت و دواتر سەرۆکی ھەرێم ھەڵدەبژێردرێت، لە دوا قۆناغدا لەسەر داوای سەرۆکی ھەرێم پەرلەمان کاندیدی سەرۆک وەزیران (ناولێدەنێت)و کاندیدەکە وەزیرەکانی دەخاتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە.
|