وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکرد بە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "خەرجکردنی مووچە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە ئێستادا بەرھەمدەھێندرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ)".
وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی (٥٥٠)ی ئەنجومەنی وەزیران کە لە دانیشتنی ١٧ی تەمموزی ٢٠٢٥بڕیاری لەبارەوە درا. وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٥.
ئاماژەی بەوەشداوە: خەرجکردنی مووچە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە ئێستادا بەرھەمدەھێندرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ).
لە روونکردنەوەکەیدا دارایی عێراق باسی لەوەشکردوە کە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە رادەستکردنی بڕی نەوتی بەرھەمھێنراو تا ئەو کاتەی دەگاتە ئەو ئاستەی کە رێکەوتنی لەسەر کراوە و لە یاسای بودجەشدا ھاتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، داھاتە نانەوتییەکان وەرگیراون کە بڕەکەی ١٢٠ملیار دینارە، ھەروەھا ھەنگاو دەنرێت بۆ جێبەجێکردنی تەواو بەندەکانی رێککەوتنەکە.
وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی تەواوی پابەندە دارایی و دەستوورییەکانی بەرانبەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەوکاتەی پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و بڕیارەکانی دوایین ئەنجومەنی وەزیران.
|