ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر بازرگانێكی عێراقیدا راگەیاند، بەتۆمەتی بە قاچاغ بردنی نەوتی ئێران دوای تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراق.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە رێی نوسینگەی چاودێریكردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)، ئەمڕۆ گرتنەبەری رێوشوێن لە دژی تۆڕەکانی تێوەگلاو لە گواستنەوەو کڕینی نەوتی ئێرانی بە بەهای ملیارەها دۆلار رادەگەیەنین، کە بەشێک لە داهاتەکەی بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رۆیشتووە، کە وەک رێکخراوی تیرۆریستی بیانی پۆلێنكراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە نێو ئەو قەوارانەی ئەمڕۆ سزایان بەسەردا سەپێندراوە، تۆڕێکی کۆمپانیایە، کە لەلایەن خاوەنكاری عێراقی سەلیم ئەحمەد سەعیدەوە بەڕێوەدەبرێت و، قازانجی لە بە قاچاعبردنی نەوتی ئێرانی كردووە، دوای شاردنەوەی یان تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراقدا.
راشیگەیاندووە، خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک کەشتیدا سەپاندووە، کە بەشداربوون لە گواستنەوەی نهێنی نەوتی ئێران، ئەوەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی چڕکردنەوەی گوشارەکانە لەسەر ئەوەی بە كەشتیگەلی سێبەری ئێران ناسراوە.
|