وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: داوای لێبوردن لەهەر هاوڵاتیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەین کە نەمانتوانیبێت وەک پێویست لە خزمەتیاندا بین.
کوێستان محەمەد لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی رایگەیاندووە: لە سەرەتای دەستبەکاربونمان بە بەرنامەو پلانێکی تۆکمە دەستمان بەکارەکانمان کرد و لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا بەهاوکاری سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و پێکەوە لەگەڵ بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکان و سەرجەم کارمەندانمان خزمەتێکی گەورەمان بە چین و توێژە جیاوەزەکان کردوە، سەرەڕای قەیران و ڕێگریەکان کارەکانمان سەلماندویانە کە سەرکەوتوبوین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پلانەکانمان.
وتیشی، "گەنجان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە پێکدەهێنن لەساڵی یەکەمی دەستبەکاربونمان هەنگاوی یەکەممان پڕۆژەی قەرزی بچوک و پڕۆژەی بچوک بۆ لاوان بو و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو هەلیکارمان بۆ گەنجان ڕەخساندوە لە کەرت تایبەت و گشتی ناڕەستەو بەشداربوین لە ڕەخساندنی هەزاران هەلیکار لەڕێگەی پڕۆژە و کەسی یاریدەدەر زیاتر لە حەوت هەزار گەنج بەشداری ڕاهێنانەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەییان کردوە و لەوانەش لە 30% بونەتە خاوەن کاری خۆیان".
ئاماژە بەوەش دەكات: "پاش دەستبەکاربونمان ژمارەیەک هەنگاوی گرنگمان نا کە چاکسازی بون لە تەواوی جومگەکانی وەزارەت و رێگریکردن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بەدڵنیاییەوە ئەمە دژی بەرژەوەندی هەندێک کەس بو، بۆیە بەهەر جۆرێک بێت هەوڵەکانیان بۆ ناشرینکردنمان دەستپێکرد و سەرئەنجام هیچ هەوڵێکیان بە ئامانج نەگەشتن چونکە کاری ئێمە دورە لە حزبایەتی و بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکان و دڵخۆشین بەوەی کردومانە و ئامارەکان لەبەردەستن بۆ هەر کەس بیەوێت بزانێت ئێمە چیمان کردوە و دژی چی بوین و بێگومان بێ کەموکوڕیش نەبوین".
كوێستان محەمەد باسی لەوەشكردووە: کەمئەندامان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە و پێویستە بەردەوام پاڵپشتی بکرێن گرنگترین کارێک کردومانە بۆ ئەوان تۆمارکردنی 14 هەزار کەمئەندامی نوێیە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای ئێمە ڕەزامەندی داوە ئەمەش و هەموارکردنەوەی یاساکەیان بە شێوازێک کە دروشمی خاوەن پێداویستی تایبەت جێگای ڕێزن نەک بەزەیی تیایدا ڕەنگی دایەوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو "لەسەر ئەرکی خۆمان و خێرخوازان و ڕێکخراوەکانەوە ژمارەیەکی بەرچاو کورسی کارەبایمان بۆ هاوڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکردوە، ئێمە بەردەوام لەڕێی پاکێجی خواردن و هاوکاریەکان خزمەتمان کردوە و وە داوای لێبوردن لەهەر هاوڵاتیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەم کە نەمتوانیبێت وەک پێویست لە خزمەتیاندا بین و هاوڵاتیان خۆیان دەزانن توانای ئێمە بۆ هاوکاری سنوردارە".
|